گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا راگەیاند، مۆسكۆ بەپێویستی دەزانێت کورد لە گفتوگۆکانی جنێڤدا بەشداری بکات. دەشڵێت، كاتی ئەوەیە دەستووری سووریا بنووسرێتەوە و لایەنەكان چەكەكانیان دابنێن.
بە پێی هەواڵ دەرێ ئەهلی بەیت ع ا. ابنا:رۆژی هەینی 27-1-2017 ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا كۆنگرەی رۆژنامەڤانی هەفتانەی ئەنجامدا، كە تێیدا پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو بەشدار بوو.
ئەگەری بەشداری كوردی لە گفتوگۆكانی جنێڤ-4ی تایبەت بە سووریا و مافی كورد لە دەستووری پێشنیازكراوی رووسیا بۆ سووریا، پرسیارەكانی پەیامنێری رووداو بوون لە گوتەبێژەكەی وەزاروتی دەرەوەی رووسیا.
ماریا زاخارۆڤا گوتی "دەربارەی بانگهێشتی کورد بۆ گفتوگۆکان، ئێوە خۆتان هەڵوێستی رووسیا دەزانن. ئێمە بەپێویستی دەزانین کورد بەشداری گفتوگۆکان بێت".
لەبارەی ئەگەری بانگهێشتی كورد بۆ گفتوگۆكانی جنێڤ-4، كە بڕیارە مانگی داهاتوو بە بەشداری ئۆپۆزیسیۆن و حكومەتی سووریا بەڕێوەبچێت، ماریا زاخارۆڤا گوتی "لەبارەی بەشداری کورد لە جنێڤ بەڕێز ستافان دیمستۆرا و نەتەوە یەکگرتووەکان لایەنەکان دیاریدەکەن و ئەوان سەرقاڵی ئەو کۆبوونەوەیەن. دەبێ ئەو پرسیارە لە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێت".
سەبارەت بە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی وەزیری دەرەوەی رووسیا لەگەڵ بەشێك لە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەكانی سووریا، لەنێویاندا پەیەدە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا گوتی "لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر دەستووری نوێ بۆ سووریا کراوە. بێگومان دەستووری نوێ بۆ سووریا تەوەری سەرەکی گفتوگۆكان بووە".
زاخارۆڤ گوتیشی "دەمەوێت خاڵێکی دیکە باسبکەم، لە ئاستانە پێشنیاز کرابوو مافی ئۆتۆنۆمی بدرێتە کورد. ئێمە پێشنیاز ناکەین، بەڵکو تەنیا پرسەکان دیاریدەکەین. چوارچێوەیەکمان داناوە بۆ گفتوگۆ لەبارەی دەستووری سووریا، بەڵام چۆنیەتی بەڕێوەبردنی سووریا و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە پرسێکە پەیوەندی بە پێکهاتە جیاوازەکانی سووریاوە هەیە".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەڵێت "دەتوانم بڵێم لیستێکمان ئامادەکردووە کە کۆمەڵێک پرسی تێدان، دەبێت پرسەکان چارەسەر بکرێن و سوورییەکان خۆیان وەڵام بۆ پرسەکان وەربگرن. ئێمە گوشار ناخەینە سەر هیچ کەسێک بۆ پرسەکان تەنیا لیستەکەمان ئامادەکردووە کە کۆمەڵێک پرسیار لەبارەی سووریا لەخۆدەگرێت".
رووسیا رەشنووسی دەستوورێكی بۆ گۆڕانكاری لە دەستووری سووریا ئامادەكردووە. بەپێی زانیارییەكانی رووداو لە دەستوورەكەدا نافی ئۆتۆنۆمی دەدرێتە كورد و زمانی كوردیش دەبێتە زمانێكی فەرمی سووریا. هاوكات ناوی كۆماری عەرەبی سووریا دەگۆڕێت بۆ كۆماری سووریا.
لەو بارەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا گوتی "ئێمە تێدەگەین لەوەی کە دانانی دەستووری نوێ بۆ سووریا کارێکی ئاسان نییە، چونکە دەبێت هەموو لایەك بەو دەستوورە رازی بن. بەڵام دیسان دەیڵێـمەوە کە گوشار ناخەینە سەر هچ لایەنێک و سیستەمی نوێی وڵات داناڕێژین، تەنیا کۆمەڵێک پرسمان خستووەتە بەردەم خەڵکی سووریا دەبێت سوورییەکان لەسەر ئەو پرسانە گفتوگۆ بکەن".
ماریا زاخارۆڤا جەختیكردەوە، کاتی ئەوە هاتووە دەستوور بۆ سووریا دابندرێت و ئەوانەشی شەڕ دەکەن چەکەکانیان دانێن و داهاتوویان لەسەر دەستوور بونیات بنێن. "ئەو کاتەشی رووسیا هەنگاوی بۆ پرۆژەیەکی لەو جۆرە نا، ئامانجی ئەوەبوو کە هەموو لایەنەکان لە سووریا لەنێو دەستووردا مافیان هەبێت و جێگەیان بکرێتەوە".